ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ شەممە 5/2 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە عەلی ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی حکومەتی فیدراڵ و شاندێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەوڵ و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە ئێمە پشتیوانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەبین لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت جەختیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە کە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و یەکجارەکی چارەسەر بکرێن و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی عێراقیش لە سەربنەمای هاوبەشی ، هاوسەنگی و سازان بێت.
سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی فیدراڵ ، سوپاسی پێشوازی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی کرد و جەختی کردەوە کە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، بەهێزبوونی حکومەتی فیدراڵییە و دڵنیایی دەدەین کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین.