Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق دەکات

ھەولێر-KDP info-  ڕۆژی شەممە، 2ی ئایاری 2026، لە پیرمام، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عەلی ئەلزەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت كرا بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بەماوە دەستوورییەكانەوە.

هەر لە كۆبوونەوەکەدا، سەرۆك بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتەكان كرد و جەختی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە لە چوارچێوەی دەستوودا.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە جێبەجێكردن و پابەندبوون بەدەستوور چارەسەری سەرەكییە و داواشی كرد لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەکەدا بەڕێز عەلی ئەلزەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، هاوکات لەگەڵ شاندی یاوەری داوایان كرد كە كوتلەی پەرلەمانی و حكوومیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغدا.