کڕواتیا-KDP.info- شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆتا ڕۆژی کۆڕبەندی جیھانیی (IDU) لە کڕواتیا، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیموکراسی و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە ئەنجامدا، کە تێیدا جەخت لە پاراستنی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور کرایەوە.
لە دوایین ڕۆژی چالاکییەکانی کۆڕبەندەکە لە شاری زاگرێب، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، لەگەڵ ستێڤن ھارپەر سەرۆکی (IDU) و تیمی باڵای سەرکردایەتیی ئەو ڕێکخراوە کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا شاندی پارتی سڵاوی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتەکەیان پێگەیاندن و تیشکیان خستە سەر دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، جەختیشیان کردەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە دەبێتە فاکتەری ئاشتی و خۆی لە ھەموو گرژی و ململانێیەکی ناوچەیی بەدوور دەگرێت، سەرەڕای ئەو ھێرشە ناڕەوایانەی لە ڕابردوودا کراونەتە سەری.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا، کە تێیدا شاندی پارتی جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە دەستوور و بنەماکانی ھاوبەشی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان. لە بەرامبەردا، سەرکردایەتیی (IDU) وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی و پارتی لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و پێشخستنی دیموکراسی، پشتیوانیی خۆیان بۆ مافەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی پێکەوەژیان دووپات کردەوە.
لە کۆتایی چالاکییەکاندا، شاندی پارتی بەشداریی لەو میواندارییەدا کرد کە لەلایەن ئاندری پلانکۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی کڕواتیا ڕێکخرابوو. سەرۆک وەزیرانی کڕواتیا لە وتەیەکدا جەختی لە گرنگیی ھاوکاریی نێودەوڵەتی بۆ دابینکردنی ئاسایشی وزە و گەشەی ئابووری کردەوە. شاندی پارتیش وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەو پێشوازییە، ھیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیان و شاندی کڕواتیا لە ھەرێمی کوردستان ببیننەوە بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان.
