کڕواتیا-KDP.info- شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی جیھانیی (IDU)، زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیی ئاستبەرزی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەورووپا، ئەمەریکا و کەنەدا ئەنجامدا، کە تێیدا جەخت لە بەردەوامیی ھاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان و پاراستنی بەھا دیموکراتییەکان کرایەوە.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی یەکێتیی نێودەوڵەتیی دیموکراسی (IDU)، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی بنیاتنەرانەی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییە باڵاکان و نوێنەرانی پارتە جیھانییەکان ئەنجامدا. لە دیارترین دیدارەکاندا، دوبراڤکا شویتسا، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ وڵاتانی دەریای ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دووپاتی کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا لە پاڵپشتیکردنی گەلی کوردستان بەردەوام دەبێت. ھەروەھا شاندەکە چاوی کەوت بە پێترۆ پۆرۆشێنکۆ، سەرۆکی پێنجەمی ئۆکرانیا و تۆنی کلێمێنت، سەرۆکی کۆنسێرڤاتیڤەکانی کەنەدا، لەپاڵ نوێنەرانی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ئەمەریکا و چەندین وڵاتی دیکەی جیھان.
ئەم دیدارە فراوانانە بوونە دەرفەتێکی گرنگ بۆ تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و جیھان، کە تێیدا جەخت لە پێشخستنی ئاشتی، ئاسایش و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی کوردستان و گەلانی ناوچەکە کرایەوە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی لەو کۆبوونەوانەدا پابەندبوونی تەواوی حزبەکەی بە دیالۆگی نێودەوڵەتی و بەھێزکردنی کەناڵەکانی ھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ھاوبیرەکان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان پێویستی بە ھەوڵی ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان و ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکان ھەیە.
بەشداریی چالاکانەی پارتی لەم کۆڕبەندە جیھانییەدا، گوزارشت لە ستراتیژییەتی حزبەکە دەکات بۆ بەھێزکردنی پێگەی دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستان، ئاڵوگۆڕی ئەزموونی سیاسی و بەدەستھێنانی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان، بە ئامانجی بنیاتنانی داھاتوویەکی سەقامگیر و گەشەسەندوو.
