Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یەکی ئایاردا پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکات و جەخت لە پێویستیی دابینکردنی ژینگەیەکی کار و گوزەرانێکی شایستە بۆ کرێکاران دەکاتەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

یەکى ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران، بە گەرمی لە هەموو کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیهان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانیان پیرۆز دەکەم. بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە لە ڕەنج و ماندووبوونیان دەڕوانم کە ڕۆڵى كارایان له‌ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هه‌یه‌.

لەم یادەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ ماف و داوا ڕەواکانی کرێکاران دەکەینەوە. پێداگری دەکەین لەسەر پێویستیی پابه‌ندیى ته‌واو به‌ یاسای کاره‌وه‌، هه‌روه‌ها دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت و دادپەروەرانە کە تیایدا شکۆ و مافی هەموو کرێکارێک پارێزراو بێت و دڵنیاییی ژیان و گوزەرانێکی شایستەیان بۆ فەراهەم بکات.

سڵاو دەنێرین بۆ گیانی ئەو کرێکارانەی لە کاتی کاردا گیانیان لەدەست داوە. لایەنە پەیوەندیدارەکان ده‌بێ ئه‌ركى ته‌واوى خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن لە چاودێریکردن و هاوکاریکردنی خێزان و کەسوکاریان و پێشكه‌شكردنى هه‌موو پشتیوانییەکی پێویست.

هیوای پشوویەکی ئارام و سەرکەوتن بۆ هەموو کرێکاران دەخوازم. یەکی ئایار لە هەمووان پیرۆز بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

١ی ئایاری ٢٠٢٦