Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڵند ئیسماعیل بۆ KDP: ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێدەکەین

سۆران-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی لە سۆران ڕایدەگەیەنێت، لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ هۆشیارکردنەوەی گەشتیاران و پاراستنی ژینگەی دەڤەری سۆران دەست پێ کردووە.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی لە سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پاراستنی ژینگەی جوانی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشمان لەگەڵ ئیدارەی سۆران ئەنجام دا و بڕیارمان دا لە ڕێگەی دابەشکردنی کارتی هۆشیاری، زەرفی نایلۆن و ڕێنمایی ڕاستەوخۆ بە بڵندگۆ، گەشتیاران هۆشیار بکەینەوە.

بەرپرسی لقی ١٠ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە کردارییانە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە لە هەموو قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی سۆران جێبەجێ کراوە و لە ڕۆژانی پشوودا بە چڕی بەردەوام دەبێت.

بڵند ئیسماعیل جەختی کردەوە، ''پاراستنی ژینگەی ڕازاوەی کوردستان، کە بە بەهەشتی سەرزەوی دەناسرێت، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەموو لایەکمانە، بۆیە پێویستە نەک تەنیا لایەنی میری، بەڵکو لایەنە حزبییەکانیش بەدەم ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بچن و هاوکار بن لە پاک ڕاگرتنی وڵاتەکەمان.

 

ئەژین غەفار