ھەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کرێکاران دەکات و لە پەیامەکەیدا دەڵێت، ڕێز و سڵاوی خۆمان بۆ ھەموو کرێکارانی کوردستان دەنێرین بە ھیوای ئەوەی کرێکاران کە ھێزی کار و ئاوەدان کردنەوەن بتوانن ژیانێکی باش و شایستە بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان مسۆگەر بکەن.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی فازڵ میرانی.
١ی ئایار، ڕۆژێکی گرنگی کار و ئاوەدانی ھەموو بەرەی مرۆڤایەتییە، لە ١ی ئایاری ھەموو ساڵێک، بە ئاھەنگ و چالاکیی ھەمەجۆر پێشوازی لە ڕۆژی جیھانیی کرێکاران دەکەین.
ئەم ڕۆژە لە یادەوەریی ھەموو گەلاندا ھەردەم زیندووە و، تێیدا بەڕێز و شکۆوە یادی ڕۆژی بەری ڕەنجی دەست و بازووی کرێکاران دەکرێتەوە و ڕێز لە ماندووبوونیان دەگیرێت، ئەوان ھەردەم وزە و سەرچاوەی ئاوەدانی و کار ڕاپەڕاندن و پێشکەوتنی وڵاتن.
لەم ڕۆژە شکۆدارەدا، ڕێز و سڵاوی خۆمان بۆ ھەموو کرێکارانی کوردستان و تەواوی جیھان دەنێرین و، ئەم ڕۆژ و یادەیان لێ پیرۆز دەکەین، بە ھیوای ئەوەی کرێکاران کە ھێزی کار و ئاوەدان کردنەوەن بتوانن ژیانێکی باش و شایستە بۆ خۆیان و خانەوادەکانیان مسۆگەر بکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بۆ ئەم چەندە بکەن.
جێی خۆیەتی بڵێین، کە ئەو بووژانەوە و ئاوەدانییەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەبیندرێت، بەری ڕەنج و دڵسۆزیی کرێکارانی سەربەرزی وڵاتمانە.
ھەردەم شکۆدار بێت ١ی ئایار جەژنی جیھانیی کرێکاران.
فازڵ میرانی
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١-٥-٢٠٢٦