کڕواتیا-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشداریی لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی یەکێتیی دیموکراسی نێودەوڵەتی (IDU) لە شاری زاگرب دەکات، کە تێیدا بڕیارە لەگەڵ سەرکردە و دیپلۆماتکارانی جیھان گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ئایندەی دیموکراسی ئەنجام بدات.
پارتی دیموکراتی کوردستان بانگھێشتنامەیەکی فەرمی بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی (IDU) لە شاری زاگربی پایتەختی کڕواتیا پێگەیشت، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھوشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، گەیشتنە شوێنی کۆڕبەندەکە. ئەم کۆبوونەوە جیھانییە پارتە دیموکراتخوازەکانی جیھان و ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە سیاسییەکان، دیپلۆماتکاران، داڕێژەرانی سیاسەت و بیرمەندانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و ئەفریقا کۆدەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تەحەدییە ئاڵۆزەکانی بەردەم دیموکراسی و گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان.

کۆڕبەندی ئەمساڵ کە لەلایەن ئاندرێی پلینکۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی کڕواتیا میوانداری دەکرێت، کەسایەتیی دیاری وەک ستیڤن ھارپەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی کەنەدا و ئیندا کێنی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئێرلەندا و چەندین دیپلۆماتکاری باڵا تێیدا بەشدارن. تەوەری سەرەکی گفتوگۆکان چڕدەبنەوە لەسەر گۆڕانکارییەکانی ھاوپەیمانییەتییەکان، پەیوەندییە ترانس-ئاتڵانتیکییەکان لە سەردەمی نوێدا، ھەروەھا بابەتەکانی ئاسایش، ستراتیژیا و سەرکردایەتی لە کاتی قەیرانە خێراکاندا.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی ئەم کۆڕبەندەدا، زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانتاران و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی توێژینەوە ئەنجام دەدات. ئەم دیدارانە دەرفەتێکی گرنگن بۆ خستنەڕووی بۆچوونەکانی پارتی لەسەر پەرەسەندنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییەکانیان لەسەر ھەرێمی کوردستان و عێراق، لەپاڵ تاوتوێکردنی سەقامگیریی نێودەوڵەتی و حوکمڕانی دیموکراسی.
بەشداریی پارتی ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پابەندبوونی بەردەوامی ئەو حزبە بە دیالۆگی جیھانی و بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان، و بڕیاریشە سبەینێ شاندەکە بەردەوام بێت لە دیدارەکانی لەگەڵ ئەکادیمیستان و سیاسەتمەدارانی بەشداربوو.