هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە (٥٩)ەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی (التآخی)دا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و کادیرانی دەزگاکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەم ڕۆژنامەیە وەک چرایەکی هەمیشە داگیرساوی ڕاگەیاندنی کوردستان دەمێنێتەوە.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسی:
بۆ/ بەڕێزان سەرنووسەر و ستاف بەڕێوەبردن و کادیرانی ماڵپەڕی (التآخی)
لە (٥٩)ەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ڕۆژنامەی (التآخی)دا، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ئێوەی تێکۆشەر و سەرجەم خوێنەران و نووسەرانی ئەم قوتابخانە میدیاییە ڕەسەنەدەکەین.
ڕۆژنامەی (التآخی)، یەکێکە لە دەستکەوتە ستراتیژییەکانی (بارزانیی نەمر) کە لە سەردەمێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا، وەک سەکۆیەکی بەهێزی نەتەوەیی و مرۆیی بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی پێکەوەژیان و برایەتیی دامەزرا.
ئەمڕۆ، کە ڕۆژنامەی (التآخی) لە فۆرمێکی سەردەمیانە و بە شێوازی میدیای ئەلیکترۆنی درێژە بە کاروانی خۆی دەدات، ئەرکێکی مێژوویی گەورەی لەسەر شانە، لە نێوان فراوانی زانیارییەکاندا، پێویستە ئەم دەزگا ڕەسەنە وەک هەمیشە پارێزەری ڕاستگۆیی و متمانەی خوێنەر بێت و بەو دیدگا نەتەوەییە قووڵەی کە لێیەوە چەکەرەی کردووە، ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی ئێستا ببێتەوە.
هیوای بەردەوامی و بەرەوپێشچوونی زیاتر بۆ ڕۆژنامەی (التآخی) دەخوازین، وەک چرایەکی هەمیشە داگیرساوی ڕاگەیاندنی کوردستان و پارتیمان، بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.
سەربەرز و سەرکەوتوو بن..
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦