هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بارانبارینی زۆری ئەمساڵەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و لە هەندێک ناوچەی وەک پیرمام و شەقڵاوە گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢ مەتر.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ئەمساڵ ڕێژەیەکی بەرچاو باران لە هەرێمی کوردستان باریوە و تەنها لە سنووری هەولێر گەیشتووەتە ٦٠٠ ملم، ئەمەش وای کردووە کانی و سەرچاوەکانی ئاو ببوژێنەوە.
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی ئاماژەی بە ئاماری حەوزەکانی ئاو کرد و گوتی، ''ئێمە ٢٥ ساڵە چاودێریی وردی ئاستی ئاو دەکەین، ئەمساڵ بەهۆی سروشتی ناوچەکەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە حەوزی پیرمام-شەقڵاوە ١٢ مەتر و نیو زیادی کردووە. هەروەها لە حەوزی چیای هەریر زیاتر لە دوو مەتر و لە ناو شاری هەولێریش زیاتر لە مەترێک و نیو بەرز بووەتەوە.
نەزیر ئەسعەد ڕوونی کردەوە، ساڵی ڕابردوو یەکێک بوو لە ساڵە هەرە کەمبارانەکان لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوودا، بەڵام بارانی ئەمساڵ بووەتە هۆی ئەوەی بەشێک لەو کانی و سەرچاوانەی چەندین ساڵ بوو وشک ببوون، دووبارە ببوژێنەوە.
قائید میرۆ