Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت کۆسپەکان لادەبات و دەرگای نوێ دەکاتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ وەبەرهێنەران بۆ تێپەڕاندنی ئەو سستییە بوو کە بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە دروست ببوو، جەختیش دەکاتەوە کە فۆکسی سەرەکی لەسەر گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازییە.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە دوو مانگی ڕابردوودا سستییەک لە پێدانی مۆڵەتەکان دروست ببوو، بۆیە مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ وەبەرهێنەران ئەنجام دا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتەکانەوە ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکرێت و دەرگای نوێ بەڕووی وەبەرهێناندا بکرێتەوە.

دکتۆر محەمەد شوکری ئاماژەی بە ئامارەکان کرد و گوتی، ''ساڵی ڕابردوو بە پێدانی ٢١٠ مۆڵەت ژمارەی پێوانەییمان شکاند، ئەمساڵیش تا پێش گرژییەکان ٤٠ مۆڵەت درابوون. ئێستا لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، فۆکسی سەرەکیمان لەسەر کەرتی پیشەسازییە، بە جۆرێک کە ٥٠٪ی مۆڵەتەکان بۆ ئەم کەرتە تەرخان کراون، چونکە گەشەی پیشەسازی دەبێتە پاڵپشت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سێکتەرەکانی دیکەش.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختی کردەوە، کە کار بۆ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی زیاتر دەکرێت تا ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکرێت.

 

بڵند ئیبراهیم