Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی پیرۆزباییی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی ئەلتەئاخی

​هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی 59ـیەمین ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی ئەلتەئاخی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژنامەی "ئەلتەئاخی" مینبەرێکی دیار بووە بۆ گوزارشتکردن لە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کوردستان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی ڕۆژنامەی ئەلتەئاخی؛

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

ستافی بەڕێزی ڕۆژنامەی ئەلتەئاخی

بەبۆنەی پەنجا و نۆیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی "ئەلتەئاخی"ـیەوە، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و سەرجەم ئەو کەسانە دەکەین کە بەشدارییان لە کاروانەکەیدا کردووە، بە شانازییەوە یادی مێژوویەکی پڕ لە بەخششی میدیایی و نیشتمانی و بەرگریکردن لە ئازادیی وشە و بەرپرسیارێتیی هەڵوێست دەکەینەوە.

بە درێژاییی دەیان ساڵ، ڕۆژنامەی "ئەلتەئاخی" مینبەرێکی دیار بووە بۆ گوزارشتکردن لە ڕەوایەتیی دۆزی گەلی کوردستان و پردێکیش بووە بۆ گەیاندنی دەنگی ئەم گەلە بە ڕای گشتیی عێراقی و عەرەبی. هەروەها لاپەڕەکانی خۆی بە ڕووی نووسەران، ڕۆشنبیران و خاوەن بیروڕاکاندا کردووەتەوە، بۆیە لە قۆناغە جیاجیاکاندا ڕووبەرێک بووە بۆ گفتوگۆی ئازاد و دەربڕینی بەرپرسیارانە.

لەم بۆنەیەدا، سڵاو لە یەکەمین پێشەنگەکان دەکەین کە ئەم دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەیان دامەزراند و بە ڕەحمەت و پێزانینەوە یادی کۆچکردووەکانیان دەکەینەوە. هاوکات هەوڵ و ماندووبوونی ئەو هەواڵساز، نووسەر و کارمەندانە بەرز دەنرخێنین کە لە ژیاندا ماون و بە دڵسۆزی و پیشەییانە درێژەیان بە پەیامەکەی داوە.

هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ ڕۆژنامەی "ئەلتەئاخی" دەخوازین و ئومێدەوارین وەک دەنگێکی ئازاد و بەرپرسیار بۆ خزمەتکردنی کوردستان، عێراق و بەهاکانی دادپەروەری، پێکەوەژیان و ئاشتی بمێنێتەوە.

 

مەسعود بارزانی 

٢٩ی نیسانی ٢٠٢٦