Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەران کۆبووەوە

ھەولێر-KDP. info-  ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 4/28 ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی دەربارەی گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستەڕوو.

لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی فیدراڵ ، سەرۆکی حکوومەت، هیوای خواست، کابینەی نوێ ببێتە مایەی هاتنەئارای سەردەمێکی نوێ لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەشدا کە ئێمە هەر لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیاربووین لە زووترین کاتدا، کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم پێک بهێنرێت و هیوادارین چیتر ئەم بابەتە دوا نەکەوێت.

سەرۆکی حکوومەت سوپاسی وەبەرهێنەرانی کوردستان و کەرتی تایبەتیشی کرد کە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان لە پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و بزاڤی بازرگانی لە کوردستان هەبووە.

لە کۆتاییدا ، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و کێشەکانی پەیوەندیدار بە جموجۆڵی ئابووری و بازرگانی خرانەڕوو و سەرۆکی حکوومەتیش وەڵامی سەرنج و تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.