هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ. مەسروور بارزانی پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرکەوتنی کابینەی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
سێشەممە 13ی نیسانی 2026، مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوی عێراق ئەنجامداوە.
مەسروور بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی، "پیرۆزباییمان لە عەلی زەیدی کرد بە بۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ، هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی پابەندبوون بە دەستوور کردەوە و رایگەیاند، "پشتیوانیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕی."
مەسروور بارزانی ئومێدی خۆی نیشاندا کە ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغێکی نوێ لە عێراق و گوتی، "هیواخوازین سەردەمێکی پڕ لە ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا دەست پێ بکات."