کەرکووک-KDP.info- ھیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان، بە نوێنەرایەتیی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەردانی بریندارانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی دوێنێی شاری کەرکووکی کرد، لە نەخۆشخانەی ئازادی.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٧ـی نیسانی ٢٠٢٦، ھیوا ئەحمەد بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک - گەرمیان، بە نوێنەرایەتی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی ئەو بریندارانەی کرد کە لە ڕووداوە تراژیدییەکەی کەرکووکدا بریندار ببوون و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
لە میانی سەردانەکەیدا، ھیوا ئەحمەد ھاوکاری و دیاری تایبەتی مەسروور بارزانی گەیاندە بریندارەکان و ڕایگەیاند، "سەرۆکی حکوومەت فەرمانی کردووە کە ھەموو دەزگا تەندروستییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئامادەباشیدا بن بۆ دابینکردنی ھەر جۆرە چارەسەرێکی پێویست بۆ بریندارەکان، چ لەناوخۆ بێت یان لە دەرەوەی وڵات."
ھەروەھا ئاماژەی بەوە کرد کە وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاری ھەولێر ڕاسپێردراون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی بریندارەکان بکەن.هەروەها ناوبراو جەختی لە گیانی برایەتی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک کردەوە و گوتی، "ئازاری کورد، عەرەب و تورکمان لای ئێمە یەکە و ئەرکی مرۆیی و نەتەوەییمانە لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانی یەکتر بین."
