Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قایمقامی شێخان بۆ KDP: پڕۆژەكان بوونەتە هۆی بوژانەوەی ژێرخانی ناوچەکە

شێخان-KDP.info- قایمقامی شێخان ڕایدەگەیەنێت، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا قەزاکەیان گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆوە بینیوە و بە گوژمەی ٢٤٠ ملیار دینار زیاتر لە ١٠٠ پڕۆژەی جۆراوجۆر لە سنوورەکە جێبەجێ کراون، کە بەشێکیان پڕۆژەی ستراتیژین و بوونەتە هۆی بوژانەوەی تەواوەتیی ژێرخانی ناوچەکە.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ١٠١ پڕۆژە لە سنووری قەزای شێخان جێبەجێ کراون کە زۆربەی کەرتە جیاوازەکان دەگرێتەوە."

سەردار شێخ یەحیا گوتی، "ئەم پڕۆژانە بە گوژمەی ٢٤٠ ملیار دینار بوون و بەسەر هەر پێنج ناحیەی قەزاکەدا دابەش کراون. مەبەستی سەرەکیش لێیان، بوژاندنەوەی ناوچەکە و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان بووە."

قایمقامی قەزای شێخان گوتیشی، "لە ئێستادا ژێرخانی ڕێگەوبان لە سنوورەکە زۆر پێشکەوتووە، هەروەها لە کەرتەکانی ئاو و کارەباشدا پڕۆژەی زۆر باش و کاریگەر ئەنجام دراون و بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیژین، وەک: پڕۆژەی ڕێگەی باعدرێ، پڕۆژەی بەنداوی خنس، و پڕۆژەکانی تایبەت بە نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکانی کوردانی ئێزدی."

لە کۆتاییدا قایمقامی شێخان ئاماژەی بەوە کرد، "بەشێکی زۆری پڕۆژەکان تەواو بوون و ئەوانەی تریش کاریان تێدا دەکرێت. بێگومان ئەنجامدانی ئەم قەبارە زۆرەی پڕۆژە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە و بەپێی بودجەی بەردەستیش، پڕۆژەی نوێی تریش لە دەڤەرەکە ئەنجام دەدرێن."

 

قائید میرۆ