Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

تاهیر عەبدوڵڵا بۆ KDP: بڕیارە ٣٠ی مانگ كۆنگرەی ئەندازیاران بەڕێوەبچێت و ٢٠٠ ئەندام كاندیدن

هەولێر-KDP.info- تاهیر عەبدوڵڵا، جێگری پێشووی پارێزگاری هەولێر و کاندیدی کۆنگرەی دووەمی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان (بەشی شارستانی)، ڕایگەیاند کە ئەنجامدانی کۆنگرە دوای ٢٦ ساڵ، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ نوێکردنەوەی پێکهاتەی سەندیکا و خزمەتکردنی زیاتری توێژی ئەندازیاران، بەتایبەت نەوەی نوێ.

تاهیر عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەم کۆنگرەیە هەنگاوێکی مێژووییە بۆ توێژی ئەندازیاران لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە دوای زیاتر لە (٢٦ ساڵ) ئەنجام دەدرێت و ئێستا لە قۆناغی ئامادەکارییەکاندایە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدانی کۆنگرە کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت. لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە ٢٠٠ ئەندام خۆیان کاندید کردووە، کە دوای هەڵبژاردنیان، هەنگاوی دواتر دیاریکردنی نەقیب و ئەندامانی دەستەی باڵا دەبێت."

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە کۆنگرە ئەنجام نەدراوە، بۆشاییەک لە نێوان نەوەکاندا دروست بووە و گوتیشی، "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە ببینە دەنگی ڕەوای ئەندازیاران و لە ئاستی پێداویستییەکانی سەردەمدا بین. ئێستا چەندین جیلی نوێی ئەندازیاران هاتوونەتە پێشەوە کە بەشێکی زۆریان دانەمەزراون، کۆنگرە خاڵێکی ئەرێنییە بۆ ئەوەی فشار و هەوڵەکانمان چڕ بکەینەوە بە مەبەستی دابینکردنی هەلی کار و دامەزراندنیان."

لە کۆتاییدا تاهیر عەبدوڵڵا دووپاتی کردەوە کە دوای سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، کارنامەی سەندیکا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئەندازیاران و پەرەپێدانی پیشەی ئەندازیاری لە هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

بڵند ئیبراهیم