هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان گوتی "بە تەواوبوونی 100%ی وێستگەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرا هەولێر بەرەو سەقامگیریی ئاو هەنگاوێکی مەزن دەنێت، بۆیە مژدەی کۆتاییهاتنی کارەکانی وێستگەی سەرەکیی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری ڕادەگەیەنین."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مژدەی کۆتاییهاتنی کارەکانی وێستگەی سەرەکیی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری ڕاگەیاند کە بە ڕێژەی 100% کارەکانی جێبەجێ کراون و گوتی "ئەم پڕۆژە ستراتیژییە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ پایتەخت هەژمار دەکرێت، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیک بەتەواوی بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە."
ئەندازیار ئاری ئەحمەد گوتیشی "کارەکانی پڕۆژەکە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و تا ئێستا 85%ی کۆی گشتیی ئەرکەکان بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراون، ئەم هەنگاوە تەنیا دروستکردنی وێستگەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو کارێکی ژێرخانیی گەورەیە کە بریتییە لە بەستنەوەی هەر سێ وێستگەی فریاگوزاریی ئاو بە تۆڕە سەرەکییەکانی ناو شاری هەولێرەوە، ئەمەش گەرەنتی گەیشتنی ئاو بە ڕێژەیەکی جێگیر بۆ گەڕەکەکان دەکات."
دەشڵێت "ئەم پڕۆژەیە کە لە 25ی نیسانی 2026 وەک وادەی کۆتاییهاتنی قۆناغەکان ئاماژەی پێ دراوە، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هەموو دانیشتووانی شارەکە دەبێت، لەڕێگەی بەستنەوەی هێڵە سەرەکییەکان بە تۆڕەکانی ناو شار، کێشەی کەمئاوی لە زۆربەی ناوچەکان بەیەکجاری چارەسەر دەبێت و دۆخی دابەشکردنی ئاو دەچێتە قۆناغێکی نوێ و پێشکەوتووەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو گرفتانەی لە ساڵانی ڕابردوو لە وەرزی گەرما ڕووبەڕووی هاووڵاتییان دەبووەوە."
بڵند ئیبراهیم