Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە مەراسیمێکی شایستە، یادی ٥٢ ساڵەی کارەساتی بۆردومانی پردی گەڵاڵە کرایەوە

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ ٢٠٢٦/٤/٢٦، لە مەراسیمێکی شایستە، لقی ٢٦ی گوڵان بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، یادی ٥٢ ساڵەی بۆردومانکردنی پردی گەڵاڵەیان بەرز ڕاگرت.

 مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی شوان محەمەد طە، بەرپرسی لقی ٢٦،  کەریم کاوە بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، فەرماندە سەربازییەکانی هێزی پشتیوانی یەک و لیوای ٣٩ی پیادە و کۆمەڵێکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی، حکوومی، پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، مامۆستایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە بەڕێوەچوو.

سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سەروەریان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە زیندوو دەستی پێکرد.

دواتر وتارێک لەلایەن، بەڕێز بەرپرسی لقی ٢٦ گوڵان پێشکەش بە ئامادەبووان کرا، بەڕێزیان تیشکی خستە سەر قوربانیدانی دەڤەری باڵەکایەتی و ڕایگەیاند:

"بۆردومانکردنی پردی گەڵاڵە تەنیا هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی بێئەنجامی ڕژێمی بەعس بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلێک کە لەژێر سایەی بارزانی نەمر سوێندی سەرکەوتنی خواردبوو، ئەگەرچی دوژمن پردەکان و خاکەکەمانی وێران کرد، بەڵام نەیتوانی ئەو پردە پۆڵایینە بڕوخێنێت کە لە نێوان ڕێبازی بارزانی و دڵی نیشتمانپەروەران دروست بووە."  

شوا محەمەد تەها تەئکیدی کردەوە "ئەم یادانە دەبنە هەوێنی بەردەوامی و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی وەک شەهیدانی گەڵاڵە بەدەستهاتوون." 

دواتر وتاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سۆران پێشکەشکرا، تێیدا جەخت لە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرایەوە.

لە کۆتاییشدا، تاجەگوڵینەی وەفاداری لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی کارەساتەکە لەلایەن ئامادەبووانەوە دانرا.