هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، کێشەی کەمیی غازی ماڵان بە تەواوی چارەسەر بووە و لە ئێستادا پڕۆسەی دابەشکردنی بوتڵی دووەمی غاز بەسەر هاووڵاتیاندا بەردەوامە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "دوای ئەو ئاڵۆزییانەی لە ماوەی ڕابردوودا بوونە هۆی وەستانی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر، خۆشبەختانە ماوەیەکە کارکردن دەستی پێکردووەتەوە. لە ئێستادا ٧٥٪ی بەشە غازی هەولێر وەک پێشووی لێ هاتووەتەوە، ئەمەش وای کردووە نرخی غاز کە پێشتر گەیشتبووە سەرووی ٣٠ هەزار دینار، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت."
سەبارەت بە شێوازی گەیاندنی غاز بە هاووڵاتیان، بەڕێوەبەری سووتەمەنی ئاماژەی بەوە کرد، "ڕۆژانە ١٨٠ تۆن غاز دەگاتە پارێزگای هەولێر و هاووڵاتیان بوتڵی یەکەمیان وەرگرتووە و ماوەی هەفتەیەکە دابەشکردنی بوتڵی دووەم لە ڕێگەی "کارتی ئەلیکترۆنی"یەوە دەستی پێکردووە، غازی حکوومیش بە نرخێکی گونجاو دەگاتە بەردەم ماڵی هاووڵاتیان، ئەمەش وای کردووە قەرەباڵغی و خواست لەسەر بازاڕی ڕەش بە تەواوی کەم ببێتەوە.
لە کۆتاییدا ئاری کاکەشین جەختی کردەوە کە قەیرانی غاز نەماوە و ئەوەی بەدی دەکرێت دەرەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیان دوای هەر قەیرانێکی کتوپڕ.
بڵند ئیبراهیم