Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەنگەر کانەبی گەورە بۆ KDP: هەڵمەتەکانمان لە ڕۆژانی داهاتووشدا بەردەوامی دەبێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر پابەندیی پارتی دەکاتەوە بۆ پاراستنی ژینگەی هەرێم و ڕای دەگەیەنێت کە ئەم پرسە وەک بنەمایەکی سەرەکی لە ڕێبازی بارزانی و پەیڕەوی ناوخۆی پارتیدا جێگیر کراوە.

سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی ٢٣، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، "لەژێر ڕۆشنایی فەرمان و ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لقی ٢٣  لە سێشەممەی ڕابردووەوە هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ژینگەپارێزی و سەوزکردنی کوردستان دەستپێکردووە."

ئەم هەڵمەتە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە حکوومییەکان لە سنووری قەزا و ناحیەکانی قوشتەپە، شەماک و گوێڕ بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا پڕۆسەی نەمامچاندن و پاککردنەوەی ژینگەی ناوچەکە ئەنجام دەدرێت.

بەرپرسی لقی ٢٣ ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی سروشت تەنها چالاکییەکی کاتی نییە، بەڵکو ژینگەپارێزی یەکێکە لە بنەما هەرە لەپێشەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر، بۆیە لەپاڵ پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پاراستنی ژینگە بە ئەرکێکی سەرەکیی سەرشانی خۆمان دەزانین."

کانەبی گەورە جەختی لەوەش کردەوە کە بایەخدان بە ژینگە لەناو پەیڕەو و پڕۆگرامی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەک خاڵێکی جەوهەری ئاماژەی پێ کراوە. ناوبراو گوتی، "ژینگە پەیوەستە بە ژیانی مرۆڤایەتی و مافی نەوەکانی داهاتوو و ئەم هەڵمەتانە تەنها بۆ وەرزێکی دیاریکراو نین، بەڵکو لقی ٢٣ بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام کار بۆ پاراستنی ژینگە دەکات و داواكاریشم هەموو لایەک هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئەم سامانە نیشتمانییە.

لە کۆتاییدا، بەرپرسی لقی ٢٣ دووپاتی کردەوە کە هەڵمەتەکانیان لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە ناوچە جیاجیاکانی سنوورەکەیان بەردەوامی دەبێت.

 

قائید میرۆ