Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاگرین عەبدوڵڵا بۆ KDP: کۆنگرەی ئەندازیاران وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایدەگەیەنێت، بەستنی کۆنگرەی دووەمی سەندیکای ئەندازیاران دوای ٢٦ ساڵ، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ نوێکردنەوەی پەیڕەو و پاراستنی شکۆی پیشەی ئەندازیاری لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەم.

ئەندازیار ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لە دیدارێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ئەنجامدانی ئەم کۆنگرەیە تەنها گۆڕانکارییەکی ڕێکخراوەیی نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە بۆ گونجاندنی سەندیکا لەگەڵ پێداویستییەکانی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و داواکاریی پیشەیی ئەندازیاران.

ئاگرین عەبدوڵڵا تیشکی خستە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنگرەکە و گوتی، ''ئامانجمان داڕشتنەوەی پەیڕەو و یاساکانە بە جۆرێک کە گوزارشت لە مافە ڕەواکانی ئەندازیاران بکات. هەروەها دەمانەوێت سەندیکا وەک ڕاوێژکارێکی زانستیی بەهێز بۆ حکوومەت و پەرلەمان دەربکەوێت، تاوەکو پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێم بە بەرزترین کوالێتی و زانستییانە جێبەجێ بکرێن.

بریکاری وەزارەت جەختیشی کردەوە، کە پەیوەندیی نێوان وەزارەت و سەندیکا دەچێتە قۆناغێکی باڵاتر و گوتی، ''ئەم نوێبوونەوەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی نیشتمان و گواستنەوەی نوێترین تەکنەلۆژیای جیهانی بۆ ناوخۆی وڵات، کە لە کۆتاییدا هەمووی لە خزمەت ئاوەدانکردنەوەی سەردەمیانەی کوردستاندا دەبێت.

 

ئەژین غەفار