Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حکوومەت: 809 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و 20 شەهید و 123 بریندار هەن

هەولێر-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی بڵاوکردەوە، لە 50 رۆژدا 809 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر هەولێری پایتەخت بوونە.

بە گوێرە ئامارەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، کە لە 28ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، چەندین جار بە درۆن و مووشەک، بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما هێرشی سەر هەرێمی کوردستان کراوە و لە هێرشەکاندا شوێنی مەدەنی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج.

بە پێی تۆمارەکان، هەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵیان پێگەیشتووە، سەرەڕای بێلایەنی هەرێمی کوردستان لە جەنگەکەدا، 20 شەهید و 123 بریندار هەبووە، بە سەدان هاووڵاتیش زیانی ماددی بەر ماڵ و شوێنی کار و ئۆتۆمبێلەکانیان کەوتووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، بە بەردەوامی وڵاتانی دونیا هێرشەکانیان شەرمەزار کردووە و چەندین جار داوا لە بەغدا کراوە، بکەرانی هێرشە تیرۆریستییەکان سزا بدات و کۆتایی بەو هێرشە ناڕەوایانە بهێنرێت و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق بپارێزرێت.

بەگوێرەی ئامارەکە، ژمارەی هێرشەکان بەمشێوەیەیە:

- پارێزگای هەولێر: 477 هێرش کراوە، 419 درۆن و 58 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 10 شەهید و 83 بریندار هەن. 

- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: 235 هێرش کراون، 194 درۆن و 41 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 3 شەهید و 6 بریندار هەن.

- پارێزگای دهۆک: 29 هێرش کراوە، 29 درۆن بەکارهێندراون.

- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 68 هێرش کراون، 59 درۆن و 9 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 7 شەهید و 34 بریندار هەن.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی حکوومەت، لە 28ـی شوبات بۆ 20ـی نیسان، بەگشتی 809 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان کە 701 درۆن و 108 مووشەک بەکارهێندراون، لە ئەنجامدا 20 شەهید و 123 بریندار هەن.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە زیانەکانی دیکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیە کراوە:

- پارێزگای هەولێر: 726 هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و خانوو، ئۆتۆمبێل و شوێنکاریان کەوتووە. 

- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە: لە 24 هێرش و بۆسەر شوێنی سڤیل، دەیان هاووڵاتی زیانمەند بوون. 

- پارێزگای دهۆک: زیاتر لە 13 خار هێرش کراوەتە سەر کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و زیان بە ماڵی هاووڵاتییان گەیشتووە.

- ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: 35 هاووڵاتی بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە ماڵ، شوێن کار و خانووەکانیان کەوتووە.