Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزیر لەبارەی مۆڵەتی بەمووچەی دایک و باوکانی منداڵانی ئۆتیزم بۆ KDP دەدوێت

هەولێر-KDP.info- وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئەگەر دایک و باوکێک دوو منداڵی ئۆتیزم یان شەلەلی مێشکیان هەبێت، هەردووکیان پێکەوە دەتوانن مۆڵەتی بەخێوکردن بە مووچەی تەواو و دەرماڵە جێگیرەکانەوە وەربگرن.

کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "یاسای ژماره‌ ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ هه‌مواركراوه‌تەوە و بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئاسانکارییەکی گەورە بۆ ئەو فەرمانبەرانە کراوە کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەیە، ئێستا دایک و باوکەکە پێکەوە دەتوانن مۆڵەت وەربگرن بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان ئەگەر دوو منداڵ بن.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکە تەنها فەرمانبەران ناگرێتەوە، بەڵکو ئەگەر دایک فەرمانبەریش نەبێت بەڵام نەخۆش بێت، یان تەمەنی منداڵە کەمئەندامەکە لە ١٢ ساڵ زیاتر بێت، ئەوا باوک دەتوانێت مۆڵەتی بەخێوکردن لە فەرمانگەکەی وەربگرێت.

کوێستان محەمەد جەختی کردەوە کە ئەم ڕێنماییانە لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکراونەتەوە و چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە هەر فەرمانبەرێک مەرجەکانی تێدایە، دەتوانێت لە ڕێگەی فەرمانگەکەی خۆیەوە دەست بە مامەڵە بکات.

 

بڵند ئیبراهیم