هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف پڕۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی ئاو خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ بڕە پارەیەکیش لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''بەپێی توێژینەوەکان، نزیکەی 40%ی ئاوی بەرهەمهاتوو لە هەرێم بەفیڕۆ دەچێت، بۆیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی یونسێف، پڕۆژەیەکمان دەستپێکردووە تا ئەم ڕێژەیە بۆ ئاستی ستانداردی جیهانی (10%) کەم بکەینەوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکە سەرەتا بە شێوەی تاقیکاری لە سنووری قەزای قوشتەپە جێبەجێ دەکرێت و دواتر دەگشتێندرێت بۆ هەموو هەرێمی کوردستان. لە ڕێگەی دانانی پێوەری تایبەت لەسەر هێڵەکانی گواستنەوە، چاودێری ڕێژەی ئاو و شوێنی بەفیڕۆچوونەکان دەکرێت.
سەبارەت بە تێچووی پڕۆژەکە، ئەندازیار ئاری ئەحمەد هاووڵاتییان دڵنیا کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە هیچ بارگرانییەکی دارایی بۆ هاوبەشانی ئاو دروست ناکات و هیچ بڕە پارەیەک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت.
قائید میرۆ