Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئاری نانەکەلی: پاراستنی ژینگە ئەرکێکی نیشتمانی و حزبییە و ھەڵمەتەکانمان بەردەوام دەبن​

ھەولێر-KDP.info- ​لە چوارچێوەی گرنگیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ژینگە و ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان، ئەمڕۆ ھەینی ٢٤ـی ٤ـی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ـی پارتی، ھەڵمەتێکی فراوانی پاککردنەوە و ھۆشیارکردنەوە لە سنووری لقی ١٦ ئەنجامدرا.

​سەبارەت بەم چالاکییە، ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ـی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ​"بە ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک لقی ١٦، بە ئەرکی خۆمانمان زانی کە ھاوشانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ھەڵمەتێکی جەماوەری و حزبی بۆ پاکڕاگرتنی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی سنوورەکەمان ڕێکبخەین. ئامانجی ئێمە تەنھا پاککردنەوە نییە، بەڵکو بڵاوکردنەوەی کلتووری ژینگەدۆستییە لەناو ھاووڵاتیاندا."

​نانەکەلی گوتیشی، "​ئەم ھەڵمەتە بە بەشدارییەکی کارا و ھەماھەنگی لە نێوان ھەڤاڵانی (​لیژنەی ناوچەی تارین - لیژنەی ناوچەی کەسنەزان - لیژنەی ناوچەی خەبات - لیژنەی ناوچەی دەشتی هەولێر - لیژنەی ڕێکخراوەکان - ​بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی پیرزین و مەلا ئۆمەر - ​ھێزەکانی پۆلیسی پیرزین - ​بەرپرسی کۆمپانیای ھاڤەر و کرێکارانی ماندوونەناسی شارەوانی). 

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی لقی ١٦ سوپاسی گشت ئەو ھەڤاڵ و لایەنانەی کرد کە بەشداربوون و ڕایگەیاند، "بەناوی لقی ١٦ـی پارتیمانەوە، دەستخۆشی و سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ھەموو ئەو ھەڤاڵ و کارمەندە بەڕێزانە ھەیە کە ئەمڕۆ بە ڕۆحێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتییەوە بەشداربوون".