Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یادی ٥٢ ساڵەی شەھیدانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی مێژووی پڕ لە قوربانیدان و خەباتی نەتەوەی کورددا

شێخ ستار عەواڵانی

ھەندێک وێستگە ھەن کە تەنھا وەک ڕێکەوتێکی ئاسایی لە پەڕەکانی ڕۆژژمێردا تێناپەڕن، بەڵکو دەبنە برینێکی قووڵی نەتەوەیی و ھاوکات سیمبوڵێکی نەمر بۆ خۆڕاگری و بەرخودان.

ئەمڕۆ، کە بیست و چوارەمی نیسانە، یادەوەرێکی تاڵ و کارەساتبارە لەو مێژووە خوێناوییە، یادی پەنجا و دوو ساڵەی بۆردوومانکردنی شاری قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانییە لە ساڵی ١٩٧٤، ئەم کارەساتە تەنھا ھێرشێکی سەربازی و ڕوخاندنی  باڵەخانەکان نەبوو، بەڵکو پەلامارێکی دڕندانە، کینەدار و سیستماتیک بوو بۆ سەر ڕۆح، عەقڵ، و ژیریی نەتەوەیەک کە بڕیاری دابوو کۆیلایەتی و ژێرخستن قبوڵ نەکات.

کاتێک دامەزراوەیەکی گەورەی ئەکادیمیی وەک زانکۆی سلێمانی، بە تەواوی مامۆستا، قوتابی و ستافەکەیەوە بڕیاریاندا ژیانی ئارامی شار و ھۆڵەکانی خوێندن جێبھێڵن و ڕوو لە چیاکانی کوردستان و سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوول بکەن، پەیامێکی گەورەی مێژووییان دا بە گوێی جیھاندا. ئەوان بەو ھەنگاوەیان پێناسەیەکی نوێیان بۆ زانست ھێنایە ئاراوە و سەلماندیان کە قەڵەم و کتێب ھیچ بەھایەکیان نییە ئەگەر لە خزمەتی ئازادیی نیشتمانێکی داگیرکراو و کەرامەتی مرۆڤدا نەبن.

قەڵادزێی سەربەرز، ئەو شارەی کە ھەمیشە باوەشی بۆ شۆڕش و کوردایەتی کراوە بووە، بەوپەڕی شانازییەوە بووە پایتەختی ئەم یەکگرتنە پیرۆزەی نێوان ھۆشیاریی زانستی و خەباتی چەکداری. ئەم تێکەڵبوونە بێوێنەیەی زانکۆ و شۆڕش، زەنگێکی مەترسیداری گەورە بوو بۆ ڕژێمی فاشیزمی بەعس. داگیرکەر لەو ڕاستییە تێگەیشتبوو کە ئەگەر ھۆشیاری و چەک، بیرکردنەوە و قوربانیدان لە یەک سەنگەردا کۆببنەوە و یەکبگرن، ئیدی ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئیرادەی ئەو نەتەوەیە بشکێنێت.

ھەر بۆیە، وەڵامی ئەم یەکگرتنە مەزنە، یەکێک بوو لە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەم. ڕژێمی عێراق، لەبری وەڵامدانەوە بە داواکارییە ڕەواکانی گەلێک، ئاسمانی قەڵادزێی پڕ کرد لە فڕۆکەی جەنگی و بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی و بۆمبی ناپاڵم، ئاگری بەسەر جەستەی بێتاوانی ھاووڵاتییان، منداڵان، ژنان، قوتابیان و مامۆستایاندا باراند. ئەوەی لەو ڕۆژەدا لە قەڵادزێ ڕوویدا، تابلۆیەکی ڕەش و سامناک لە دڕندەیی بوو کە تێیدا مرۆڤایەتی لە ئاستیدا شەرمەزار بوو، گۆشتی جەستەی منداڵان و قوتابیانی زانکۆ لەگەڵ پەڕەی کتێب و دەفتەرەکانیان، لەگەڵ بەرد و خۆڵی شارەکەدا تێکەڵ بە یەکتر سووتان و بوونە خۆڵەمێش. ئەو ئاگرەی لە ئاسمانەوە دەباری، جیاوازی نەدەکرد لە نێوان زانایەکی ئەکادیمی و جوتیارێکی سادەی ناوچەکەدا، بەڵکو مەبەستی بوو ھەموو شتێک بسڕێتەوە کە ناوی کورد و ژیان بێت. تاوانەکە ئەوەندە گەورە و وەحشیگەریانە بوو، ھیچ پاساوێکی سەربازی، یاسایی و تەنانەت ئەخلاقیش نەیدەتوانی ئەو جینۆسایدە بشارێتەوە.

ئامانجەکە زۆر ڕوون بوو سڕینەوەی ھۆشیاریی نەتەوەیی، تۆقاندنی عەقڵی کوردی، و کوشتنی ئومێد لە دڵی نەوەیەکدا کە خەونی بە سەربەخۆییەوە دەبینی. ئەو بۆمبانەی شارەکەیان خاپوور کرد و کردیانە دۆزەخێکی زەمینی، جەستەی سەدان سڤیلی بێتاوانیان پارچە پارچە کرد. خوێنی ئاڵی شەھیدان کووچە و کۆڵانەکانی قەڵادزێی سوور کرد، ھاواری دایکانی جەرگسووتاو و ناڵەی بریندارەکان لە ژێر داروپەردووی ڕووخاودا تا ئاسمانی وڵات بڵاوبووەوە، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو کۆمەڵکوژییەدا بێدەنگییەکی نەفرەتلێکراوی ھەڵبژاردبوو. ئەم دڕندەییە، بەرجەستەبوونی تەواوەتیی ئایدۆلۆژیایەکی شۆڤێنیستی بوو کە حەزی بە خوێنڕشتن بوو و جگە لە زمان و باڵادەستیی خۆی، مافی بوون و ژیانی بە ھیچ نەتەوەیەکی تر ڕەوا نەدەبینی، بەڵام مێژوو بە دەنگی بەرز سەلماندی کە خوێنی زانایان و شۆڕشگێڕان بەھەدەر ناچێت و ئاگری ناپاڵم ھەرگیز ناتوانێت ئیرادەی ڕەسەنی ئازادیخوازی بسوتێنێت.

ڕژێم بە خەیاڵی خاوی خۆی پێی وابوو بەو کارەساتە دڕندانەیە، کۆتایی بە بیری کوردایەتی دەھێنێت و چرای شۆڕش دەکوژێنێتەوە، لێ نەیانزانی کە قەڵادزێ لە ناو خۆڵەمێشی ئەو ئاگرەدا، وەک قەقنەسێکی ئەفسانەیی و بەھێزتر لە جاران زیندوو دەبێتەوە. ئەو شارە بریندارە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٢دا بووە پێشەنگی ڕاپەڕین دژی زوڵم و ستەم، لە ساڵی ١٩٨٩دا بەوپەڕی ئازایەتییەوە ڕووبەڕووی ڕاگواستن و خاپوورکردنی یەکجاری بووەوە و چۆکی بۆ دوژمن دانەدا.

کاتێکیش بەھاری ساڵی ١٩٩١ فرا گەیشت، ھەر قەڵادزێ بوو یەکەمین مەشخەڵی ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی کوردی داگیرساند و بەسەر لاشەی فاشیزمدا تاجەگوڵینەی سەرکەوتنی ڕاگەیاند. بۆیە، کاتێک ئەمڕۆ بە تێڕوانینێکی قوڵی سیاسی و نیشتمانییەوە لەو کارەساتە دەڕوانین، دەبێت بە تەواوی درک بەو ڕاستییە بکەین کە ئەوەی نەتەوەی ئێمەی تا ئەمڕۆ ھێشتووەتەوە، ئەو گیانفیداییە بێوێنەیە و ئەو خوێنە تێکەڵاوانە بووە.

شەھیدبوونی ھاوبەشی مامۆستای زانکۆ و خەڵکی سڤیل و پێشمەرگە لە یەک کات و لە یەک سەنگەردا، پەیامێکی ڕوونی نەتەوەییە بۆ ھەموومان، پەیامێک بۆ پێویستیی یەکڕیزی و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیی ھاوبەش بەرامبەر بەم نیشتمانە. ئەمڕۆ، کە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ئەو قوربانیدانە مەزنانەیە، ئەرکی ئەخلاقی، سیاسی و مێژوویی سەر شانمانە کە ڕێگە نەدەین ئەو قوربانییانە لەبیربکرێن یان ببنە قوربانی ململانێی لاوەکی و بەرژەوەندیی کاتی. یادی بیست و چواری نیسان دەبێت وانەیەکی ھەمیشەیی بێت بۆ نەوەکانی ئێستا و داھاتوو، کە تێبگەن ئازادی بە چ باجێکی قورس و بە ڕووبەڕووبوونەوەی چ دڕندەییەک بەدەستھاتووە. ئەو بۆمبانەی نەیانتوانی قەڵادزێ لەسەر نەخشەی کوردستان بسڕنەوە، بوونە شایەتحاڵی ئەبەدی بۆ ئەوەی کە گەلێک خاوەنی باوەڕێکی قوڵ و ئیرادەی قایمی ئازادی بێت، ھیچ ھێزێکی دڕندە، ھەرچەندە پڕچەک و فاشیست بێت، ناتوانێت لەناوی ببات. با ھەمیشە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پاکی شەھیدانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان دابنەوێنین و، پەیمانی نیشتمانی نوێ بکەینەوە کە ئەو خاکەی ئەوان بە خوێنی گەشی خۆیان پاراستیان، ئێمە بە عەقڵ، زانست، دادپەروەری و یەکڕیزیی نەتەوەیی بەرگری لێ بکەین و بۆ نەوەکانی داھاتووی بپارێزین.