Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەڵمەتی ژینگەپارێزی لە سنووری لقەکانی (٢، ١٠، ٢٤) ئەنجام دەدرێت

هەولێر -KDP.info-  ​لە چوارچێوەی کار و چالاکییە مەیدانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پاراستنی سیمای جوانی کوردستان، لقەکانی (٢، ١٠، ٢٤)ی پارتی، زنجیرەیەک هەڵمەت و چالاکیی جۆراوجۆریان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لە سنوورەکانیان دەستپێکرد.
​لەم چوارچێوەیەدا و وەک دەستپێکی هەڵمەتەکە، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی بەرپرسی لقی دووی پارتی، هەڵمەتی وەرزی ژینگەپارێزی بۆ پاکڕاگرتنی پارکەکانی شاری هەولێر دەستیپێکرد. ئەم هەڵمەتە کە ئامانج لێی پاراستنی تەندروستی گشتی و نیشاندانی سیمایەکی شارستانییە بۆ پایتەخت، جەخت لەسەر دروشمی "ژینگەیەکی پاک.. ژیانێکی تەندروست" دەکاتەوە وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ ژیانی هاووڵاتیان.
​هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵمەتە مەیدانییە، لە سنووری لقی ١٠ی پارتی، هەڤاڵ (بڵند ئیسماعیل) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە کوردستان بە ژینگە جوانەکەیەوە بەهەشتی سەرزەمینە و پێویستە هەموو ڕێوشوێنێکی تایبەت بگیرێتەبەر بۆ ڕێنوێنیکردنی گەشتیاران و پاراستنی ئەو ژینگە پاک و سازگارەی ناوچەکە، بە تایبەت لە وەرزی گەشتیاریدا.
​لەلایەکی تریشەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ (هیوا گەیلانی) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی ٢٤ی سەفین و بە یاوەری قائیمقام و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان، هەڵمەتەکە ڕەهەندێکی پەروەردەیی و هونەری وەرگرت. شاندی لق سەردانی کۆمەڵگەی پەروەردەیی شەقڵاوەیان کرد و لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیان بەشدارییان لە چالاکییەکی بەرفراواندا کرد کە پێکهاتبوو لە چاندنی گوڵ و نەمام، هەڵمەتی پاککردنەوە و پێشکەشکردنی تابلۆی هونەری و هۆشیاری ژینگەیی.
​ئەم جووڵە هەمەلایەنەی لقەکانی پارتی لە سنووری پارێزگای هەولێر، نیشانەی بایەخی قووڵی حزبە بە پرسی ژینگە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خزمەتکردنی نیشتمان و ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و تەندروستتر.