Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بۆ KDP: بە بڕیاری حکوومەت مەترسیی لافاو لە زاخۆ بنبڕ دەکرێت

زاخۆ-KDP.info- سەرۆکی شارەوانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕایدەگەیەنێت، دوای چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی ئاوەڕۆ لەناو سەنتەری شار، ئێستا بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورە لە دەرەوەی شار دەکرێت، کە بە تەواوبوونی، مەترسیی لافاو لە زاخۆ بە یەکجاری بنبڕ دەکرێت.

یونس محەمەد، سەرۆکی شارەوانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "زۆربەی کێشەکانی ئاوەڕۆ لە ناو سەنتەری زاخۆ چارەسەر کراون، بەڵام گرفتی سەرەکیمان چوار وشکەڕۆ بوون لە دەرەوەی شار کە درێژییەکەیان (٢٩) کیلۆمەترە و ئاوی بارانی سنووری باتیفا و گوندی 'بۆسڵ' دەهێننە ناو زاخۆ و دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو."

یونس محەمەد گوتیشی، "ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەکە داوە و ئێستا کۆمپانیایەک سەرقاڵی تەواوکردنی دیزاینەکەیەتی و لەسەر ڕێگەی ئیبراهیم خەلیل، پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆی سندووقیی زەبەلاح (٣ بە ٣ مەتر) دروست دەکرێت کە توانایەکی زۆری گواستنەوەی ئاوی هەیە و  سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەسەر هێڵە لەگەڵ حکوومەت بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست و دەستپێکردنی دەستبەجێی کارەکان.

سەرۆکی شارەوانی زاخۆ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، "بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە، ئیدی هیچ مەترسییەکی لافاو لەسەر زاخۆ نامێنێت. سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەمیشە پاڵپشتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانە بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان."

 

بڵند ئیبراهیم