Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆک بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان

هەولێر -KDP.info- سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و كارمەندانی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانیان دەکات و ڕایگەیاند، گۆڤاری گوڵان هەمووكات هەوڵیداوە گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان قووڵتر بكاتەوە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان:

بەناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەڕێزان سەرنووسەر و كارمەندانی ستافی گۆڤاری گوڵان،

بەبۆنەی سی و دووەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرنووسەر و تەواوی كارمەندانی گۆڤاری گوڵان و خوێنەرانتان دەكەم.

گۆڤاری گوڵان هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ڕێچكەیەكی جیاوازی لەناو ڕۆژنامەگەریی كوردیدا پیادەكردووە و، بەردەوام مینبەرێكی گرنگ بووە بۆ كۆكردنەوەی بیروبۆچوونی جیاوازی دەستەبژێرانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و دەرەوە، هەمووكات هەوڵیداوە لەسەر بنەمای پاپەندبوون بە پڕانسیپە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان و ڕێزگرتن لەكۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان قووڵتر بكاتەوە.

سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونتان دەكەم، هیوادارم هەردەم پابەندی پڕەنسیپەكانی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بن و، لە ئاست داخوازیی خەڵك و گۆڕانكارییەكانی سەردەم بن و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.

 

مسعود بارزانی

22ی نیسانی 2026