Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن

هەولێر -KDP.info- نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات و داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکات بەوپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەگه‌رانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یه‌کترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

یادی 128 ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی (کوردستان) و میر میقداد میدحەت بەدرخان و 28 ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە گەرمی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، جارێکی دیکە جەخت لە پابەندیی نەگۆڕمان بە پاراستنی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکەینەوە وەک بنەمایەکی سەرەکیی دیموکراسی و کۆمەڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نیی پێشکەوتوو.

بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەر کۆتوبەندێک بۆ کاری میدیایی، بە جۆرێک کە مافی دەستگەیشتن بە زانیاری مسۆگەر بێت و پارێزبەندیی پیشەیی بۆ ڕۆژنامەنووسان دابین بکات.

ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێر، هاوبەشێکی کاریگەری بنیاتنانی حکومڕانییەکی باش و دادپەروەره‌، بۆیە داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم بەوپه‌ڕی ڕاستگۆیی و پیشەگه‌رانە، بەرژەوەندیی گشتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بپارێزن و ڕۆڵی خۆیان لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان، یه‌کترقبووڵکردن و لێبوردەییدا بگێڕن و بره‌و به‌ گیانی نیشتمانپه‌روه‌ری و خۆشه‌ویستیی وڵات بده‌ن.

سڵاو لە یاد و گیانی شەهیدانی ڕۆژنامەگەری و هەموو ئەو پێشەنگانەی تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتی وشەی ئازاد تەرخان کرد.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/4/22