هه‌ولێر -KDP.info- نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌ڵێ "ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه، ئێستا میدیا به‌شداره له دروستكردنی بڕیاری سیاسی، بۆیە به‌هۆی ڕەوشی ئێستای ناوچه‌كه داوا له ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌ین بۆ زیاتر ده‌رخستنی زیاتری ڕاستییه‌كان په‌یوه‌ندی به هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه بكه‌ن."
حاكم ئازاد حه‌مه‌ده‌مین، نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "پیرۆزبایی 128 ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی و 28 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان له هه‌موو ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كه‌م، له‌بیرمان نه‌چێت دامه‌زراندنی سه‌ندیكا ڕۆژنامه‌نووسانیش ده‌ستكه‌وتێكی رۆژنامه‌نووسانه كه یه‌كه‌م ئورگانه له مێژووی بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا له‌پێناو ڕێكخستنی پیشه‌ی ڕۆژنامه‌نووسی دروست بووه، ئەمساڵ له كاتێكدا یادی ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردی ده‌كه‌ینه‌وه ناوچه‌كه به ڕەوشێكی ئالۆزدا تێده‌پەڕت به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ی هه‌یه، به‌داخه‌وه به‌هۆی هێرشی دڕۆنیی میلیشیاکان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چه‌ندین قوربانیمان لە شه‌هید و بریندار هەبووه، ڕووی ده‌ممان ده‌كه‌ینه ڕۆژنامه‌نووسان كه پێویسته له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌خلاقی ڕۆژنامه‌گه‌ری و به‌رپرسیاریه‌تی نیشتمانی ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان لەبه‌رچاو بگرن و په‌یوه‌ندی به هێزه ئه‌منییه‌كانەوە بكه‌ن بۆ زیاتر ده‌رخستنی هێرشه‌كان."
نه‌قیبی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی كوردستان گوتی" له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی جیهان هه‌رێمی كوردستان و بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری كوردیش پێشكه‌وتنی بەخۆیەوە دیوە، ئێستا میدیاكانی كوردستان كاره‌كته‌ری ئه‌كتیڤن و شانبه‌شانی میدیای جیهانی به‌شدارن له دروستكردنی بڕیاری سیاسی و لە هه‌موو ئه‌و هاوكێشانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا هه‌ن، كاریگه‌ری باشیان هه‌یه."
حاكم ئازاد حه‌مه‌ده‌مین ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد "له‌گه‌ڵ ئه‌و پیشكه‌وتنه‌ی بواری ڕۆژنامه‌گه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه بینیوه، ژێرخانی یاساییش له هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه و چووه‌ته قۆناغێكی دیكه، خوازیارین په‌له بكرێت له كاراكردنی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا ئه‌و ئاسته‌نگه یاساییانه‌ی هه‌ن ته‌واویان بكه‌ین."
قائید میرۆ