Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ KDP.info: هەرێمی کوردستان لە ناو گرژییەکانیشدا پرەنسیپەکانی پێکەوەژیانی پاراستووە

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، ستایشی حکوومەت و گەلی کوردستان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی باڵای پێکەوەژیان ماوەتەوە.

دیڤد موللەر، داکۆکیکاری سیاسیی کەمینەکان و ڕاوێژکاری پەرلەمانی ئەڵمانیا، کە بۆ جاری ٢٣هەمین سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمجارە لە بارودۆخێکی جیاوازدا و لە ڕێگەی وشکانییەوە خۆی گەیاندووەتە هەرێم بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی پێکهاتەکان بێت. ناوبراو گوتی، "لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی عێراقدا کە فڕۆکەخانەکان داخرابوون، ویستم لەگەڵ خەڵکی کوردستان بم و بزانم تا چ ڕادەیەک مافی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان گرنگیی پێ دەدرێت."

موللەر لە ماوەی هەفتەیەک مانەوەی لە هەرێم، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ كەسایەتییە ئایینییەکان و کەسایەتییە نەتەوەییەکان ئەنجامدا، لەوانە (ئانۆ جەوهەر) وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و (ئایدن مەعروف) وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان. ئەو دەڵێت: "زۆرینەی هەرە زۆری پێکهاتەکان بە گرنگییەوە باسی پێکەوەژیان دەکەن و خۆشحاڵن بە مامەڵەی حکوومەت و سەرکردایەتی سیاسیی هەرێم."

ڕاوێژکارەکەی پەرلەمانی ئەڵمانیا جەختی کردەوە کە جێگەی سەرسوڕمان و دەستخۆشییە گەلێک لە ناو جەرگەی شەڕدا بێت و "ڕۆژانە درۆن و موشەکیان بەسەردا ببارێت"، کەچی هێشتا پابەندی پاراستنی مافی کەمینەکان بن و هیچ پاشەکشەیەک لەو پرسەدا نەکەن.

 

مەریوان نەقشبەندی