Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پشتیوان سادق: ئایندەی پارتی بەهێزترە و لەکاتی خۆیدا بڕیاری پارتی دەبینن

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراواندا لەگەڵ کادرانی باڵای حزبەکەی، جەختی لەسەر پێگەی بەھێزی پارتی و حکوومەتی ھەرێم کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، ھەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێگەیەکی ھاوشێوەی دەوڵەتی ھەیە و نەیارانیش ناتوانن بێ پارتی ھیچ ھەنگاوێکی کاریگەر بنێن.

ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری ھەولێر، دکتۆر پشتیوان سادق بە ئامادەبوونی بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و هەڤاڵان لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و  یاریدەدەرانی مەکتەبی ڕێکخستن و بەرپرسانی لق و ناوچەکان، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە فەلسەفەی ڕێبازی بارزانی لەسەر بنەمای پاراستنی شکۆی نەتەوەیی و سەروەری خاک دامەزراوە، و ئەو لایەنانەشی کە دژایەتی پارتی دەکەن ھیچ ئایندەیەکیان نییە، چونکە پارتی خاوەنی مێژوو و شۆڕش و پڕۆژەی دوورمەودایە بۆ خزمەتی ھاووڵاتیان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، باس لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لە سێکتەرەکانی ئاو، کارەبا، چاکسازیی بانکی و پڕۆژە ستراتیژییەکان کە توانیویانە بەرەنگاری ئاستەنگەکان ببنەوە. دکتۆر پشتیوان داوای لە ھەڤاڵانی کرد بە جدیەت و ئەمانەتەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و زیاتر لە خزمەتی خەڵکدا بن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن تەوەری ژینگەپارێزی وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئایینی وروژاند، ناوبراو نیگەرانی خۆی لە بەرانبەر بەجێھێشتنی پاشماوە و خاشاک لە سەیرانگاکاندا دەربڕی و داوای لە ھەمووان کرد ببنە نموونەی خەمخۆری بۆ پاراستنی سروشتی جوانی کوردستان و ھۆشیاری ژینگەیی لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاو بکەنەوە.