Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی شارەوانی بۆ KDP.info: پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی خێراتر دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ هەزار مووچەخۆر زەوییان وەرگرتووە و ڕێکارەکان بۆ سوودمەندبوونی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لەمساڵدا چڕ کراونەتەوە.

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "لە هەرێمی کوردستان ٥٠٠ هەزار مووچەخۆر ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانیان بۆ وەرگرتنی زەوی هەیە و پڕۆسەی وردبینی بۆ زۆربەیان تەواو بووە، بۆیە ناوەکان ڕەوانەی شارەوانییەکان کراون تا دەست بە دابەشکردنی زەوی بکرێت."

سەبارەت بە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەکە کاتی پێویستە چونکە پەیوەستە بە وەزارەتەکانی دارایی، کشتوکاڵ و فەرمانگەکانی تاپۆ بۆ ئامادەکردنی زەوییەکان، بەڵام جەختی کردەوە کە وەزارەتی شارەوانی لەگەڵ سەرجەم یەکە ئیدارییەکان کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە خێراتر بکرێت و هەر گرفتێک لە هەر شوێنێک هەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت.

لە لایەکی ترەوە، سەربەست مەولود باسی لە فەرمانبەرانی گرێبەست کرد و ڕایگەیاند، "بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران فەرمانبەرانی گرێبەستیش زەوی وەردەگرن، لە ئێستاشدا داوا لە وەزارەتەکان کراوە لیستی ناوەکانیان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی دوای وردبینی، بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەوانیشدا بکرێت."

 

بڵند ئیبراهیم