Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دۆلەمەری بۆ KDP.info باسی بەشداری هەرێمی کوردستان لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کتێبی پاریسدا دەكات

پاریس-KDP.info- بۆ دووەم ساڵی لەسەر یەک، هەرێمی کوردستان بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کتێبی پاریسدا کرد. ستاندی کوردستان کە لە ژێر ناوی پیرۆزی کوردستان دا کرایەوە، بووە ناوەندێکی سەرەکی بۆ سەرنجی سەردانیکەران و ناساندنی دەوڵەمەندیی کلتووری و فیکریی گەلی کورد لە یەکێک لە گەورەترین مەڵبەندە ڕۆشنبیرییەکانی ئەوروپادا.

لە مەراسیمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا کە لە کۆشکی مێژوویی (Grand Palais) لە پاریس بەڕێوەچوو، بەڕێز سفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ دیپلۆماسیی کلتووریی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

دکتۆر عەلی دۆلەمەری، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''ستاندی نوێنەرایەتیی حکوومەت لەژێر ناوی پیرۆزی کوردستان بوو، کە بەدرێژایی ماوەی پێشانگاکە ببووە شوێنێک بۆ کۆبوونەوە و ئاشنابوون و پێشوازیی کردن لە ژمارەیەکی زۆر لە سەردانیکەران. ئەوان بۆ وەرگرتنی زانیاری و گەڕان بەدوای دەوڵەمەندیی کلتووری و فیکریی کوردستاندا سەردانیان کردین."

دۆلەمەری گوتی، "بە هاوکاری لەگەڵ ئەنستیتیوتی کوردی پاریس، هەڵبژاردەیەکی دەوڵەمەند لە کتێب و سەرچاوە زانستییەکان نمایش کران کە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنیی بەرهەمی کوردی بوون لە بوارەکانی، مێژوو و سیاسەت، ئەدەبیاتی هاوچەرخ (ڕۆمان و شیعر)، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و توێژینەوەی ئەکادیمی، یاداشتنامە، فۆلکلۆر و ئەدەبیاتی منداڵان.

پەیوەست بە ئامانجی بەشدارییەکە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم دێت بۆ زیاتر ناساندنی دۆزی کوردستان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرزڕاگرتنی کلتووری کوردی لە ناوەندە فەرهەنگییەکاندا و بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی فەرەنسا.

لە کۆتاییدا، نوێنەری حکوومەت سوپاسی هەموو ئەو سەردانیکەر و هاوبەشانەی کرد کە ڕۆڵیان هەبوو لە سەرکەوتنی ئەم چالاکییە کلتوورییە نیشتمانییەدا.

 

بڵند ئیبراهیم