هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر و بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی پارێزگاکە کۆبوونەوە، تیشک خرایە سەر کارکردن بە سیستەمێکی نوێ بۆ خێراکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە نووسینگەکانی تۆماری لەدایکبوون و مردووان.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٦/٤/١٩، د. دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، پێشوازیی لە عەمید سهێل نەجمەدین عەوڵا، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامە و باری شارستانیی هەولێر کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگیی نێوان هەردوو بەڕێوەبەرایەتی کرا و جەخت کرایەوە لەسەر کارکردن بە سیستەمێکی نوێ بۆ ئاسانکاری و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە مامەڵەی هاووڵاتییاندا، بەتایبەتی لە نووسینگەکانی تۆماری لەدایکبووان و مردووان بە مەبەستی خێراکردنی ڕێکارەکان.
هەر لەو دیدارەدا، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی هەولێر لۆگۆی سوپاس و پێزانی پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی کرد لەبەرامبەر هەماهەنگییە بەردەوامەکانیان، لای خۆشییەوە د. دلۆڤان سوپاسی بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامەی کرد بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکان لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.