Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی بازرگانی بۆ KDP.info: بەرهەمی ناوخۆ گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی بازرگانی ڕایدەگەیەنێت، بەرهەمی ناوخۆ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو گەشەیەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە و ئێستا هەرێمی کوردستان جگە لە پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، بەرهەمی پەلەوەر هەناردەی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەکات.


سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''پیشەسازیی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو، لە بەرهەمهێنانی مریشک و هێلکەدا گەیشتووینەتە خۆبژێوی و بەشێکی زۆری بەرهەمەکانیشمان ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق دەکرێن.

هاواری ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەرهەمی ناوخۆ لە ڕووی نرخەوە کۆنترۆڵکردنی ئاسانترە و لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی بەردەوام بەدواداچوون بۆ نرخەکان دەکەن. گوتیشی، ''سیاسەتی حکوومەتی هەرێم و پلانی جەنابی سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتیکردنی کارگەکان و بەرهەمی ناوخۆیە، حکوومەتیش بەردەوام دەبێت لەو پاڵپشتییە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر بەرز بکرێتەوە.

قائید میرۆ