Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی زاخۆ پێنج زانکۆ شۆڕشی AI تاوتوێ دەکەن

زاخۆ-KDP.info-  لە هەنگاوێکی زانستیی بێوێنەدا، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی باڵا، کە تایبەتە بە نوێترین پێشکەوتنەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد (AI).

لەبارەی ئامادەکاری و ئامانج و کاتی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەكەوە، د. دیار هالۆ، سەرۆکی زانکۆی زاخۆ  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ''ئەم کۆنفرانسە تەنها چالاکییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بە هەماهەنگی لە نێوان چەندین ناوەندی زانستیی گرنگ بەڕێوە دەچێت، لەوانە زانکۆی زاخۆ (وەک میواندار)، زانکۆی سۆران، زانکۆی شرناخ، زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک و ئاکرێ.

سەرۆکی زانکۆی زاخۆ  گوتیشی، ''ئەمە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هاوبەشە لە زاخۆ ئەنجام دەدرێت، کە تیشک دەخاتە سەر بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بواری ئەندازیاری و تەواوی بوارە زانستییەکانی دیکە كە بڕیار وایە لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، دەرگای ئەم دیدارە زانستییە بەڕووی پسپۆڕان و توێژەراندا بکرێتەوە.

د. دیار هالۆ  گوتیشی، "ئامانجە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە خۆی لەم خاڵانەدا دەبیننەوە، تاوتوێکردنی نوێترین لێکۆڵینەوە جیهانییەکان لە بواری تەکنەلۆژیای سەردەم و  ئاشناکردنی نەوەی نوێی کوردستان بەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە زانستدا ڕوودەدەن، هەروەها دروستکردنی پردێکی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکانی هەرێم و زانکۆ نێودەوڵەتییەکان.

سەرۆکی زانکۆی زاخۆ جەختیشی لەوە کردەوە کە جیهان لەبەردەم شۆڕشێکی زانستیی خێرادایە، بۆیە پێویستە زانکۆکانی ئێمە تەنها بینەر نەبن، بەڵکو کاربکەن بۆ پێگەیاندنی کادیری وا کە بتوانن لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا هەنگاو بنێن.

 

قائید میرۆ