بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاریدا بە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان تا کاتێکی نادیار، ئەمەش دوای ئەوەی جەختیان کردەوە کە دەستوور و یاساکان پێشێل کراون و بنەماکانی ھاوبەشی و سازان پشتگوێ خراون.
ئەمڕۆ شەممە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٦، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەم بڕیارە لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دراوە، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر پێشێلکردنی دەستوور و یاساکان و فەرامۆشکردنی بنەما سەرەکییەکانی وەک ھاوبەشی، ھاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسیدا.
فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی شەرعییەتی پڕۆسەی سیاسی لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە، بۆیە تا کاتێکی نادیار بایکۆتی دانیشتنەکان دەکەن و ڕێگە نادەن مافەکانی گەلی کوردستان پێشێل بکرێن.