Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی و وەزیری ناوخۆی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆگ بورگوم، وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وزە و ڕۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزە کرد.

هەروەها بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.

وەزیری ناوخۆی ئەمریکا، پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی.

هاوکات، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.