Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ KDP.info: پڕۆژەکان بەردەوامن و ئاڵۆزییەکان نەیانوەستاندوون

هەولێر-KDP.info- دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کارکردن لە سەرجەم پڕۆژەکانی وەبەرهێنان (ناوخۆیی و بیانی) بەردەوامە و هیچ پڕۆژەیەک ڕانەگیراوە، جەختیش دەکاتەوە کە پلانی نوێیان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی هەیە.

دکتۆر محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''سەرباری ئەو ئاڵۆزییانەی لە ناوچەکەدا هەبوون، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان نەوەستاون و هیچ حاڵەتێکی ڕاگرتنی کارکردنمان نییە. وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، بەردەوامن لە کارەکانیان و ڕێگەمان نەداوە بارودۆخی سیاسی کاریگەرییان لەسەر دروست بکات.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەرچەندە دۆخەکە کاریگەریی گشتی لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان هەبووە، بەڵام حکوومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە پلان و بەرنامەی نوێ، وەبەرهێنەری بیانیی زیاتر ڕابکێشێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی ستراتیژی لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا ئەنجام بدرێن.

 

بڵند ئیبراهیم