Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی تاوانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٦ـی نیسانی ٢٠٢٦، سەرۆک بارزانی، لە ٣٩مین ساڵیادی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسانان پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ھاتووە، ڕژێمی پێشووی عێراق تاوانێکی تری لە دژی گەلی کورد ئەنجام دا کە بریتی بوو لە کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی.

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

لە ١٦ی نیسانی ١٩٨٧دا، ڕژێمی پێشووی عێراق تاوانێکی تری لەدژی گەلی کورد ئەنجام دا کە بریتی بوو لە کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی. ئەو تاوانە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیانی بێتاوانی ناوچەکە. ئەم تاوانە دەستپێکی پڕۆسەی کیمیابارانکردنی ھاووڵاتیی سڤیل و بەردەوامبوونی سیاسەتی سڕینەوەی گەلەکەمان بوو. ڕژێم ھەر بەو تاوانە نەوەستا و دەیان برینداری ئەو کارەساتەشی دوای دەستگیر کردن بەشێوەیەکی دڕندانە زیندەبەچاڵ کردن.

لە سی و نۆیەمین ساڵیادی ئەم تاوانە نامرۆڤانەیەدا، سڵاو بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەو کارەساتە دەنێرین و ھاسۆزی خانەوادە و کەسوکاریانین. یاد و ئازاری ئەم تاوانە و ھەموو ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی کوردستاندا ھێنراون ھەرگیز فەراموش ناکەین.

 

مسعود بارزانی

١٦ی نیسانی ٢٠٢٦