Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی لقی ٢٤ لە ٣٩ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان

شەقڵاوە-KDP.info- لقی ٢٤ـی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٣٩ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی و بالیسان و شێخ وەساناندا ڕایدەگەیەنێت، کیمیابارانکردنی ئەم ناوچەیە گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی بوو و جەختیش دەکاتەوە کە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان بکاتەوە.

دەقی پەیامی لقی ٢٤ـی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پەیامی لقی٢٤ی سەفین لە سی و نۆهەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی و بالیسان و شێخ وەسانان.

- جەماوەری کورد پەروەر و نیشتیمان پەروەری سنوورمان.

- ⁠خەڵکی ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستی بالیسان و، دۆڵی خۆشناوەتی لانکەی شۆڕش و مەردایەتی.

٣٩ ساڵ لە مەوبەر و لە ئێوارەی ١٩٨٧/٤/١٦ ڕژێمی داگیرکەر و گۆڕ بەگۆڕی بەعس  بە (۱٠) فڕۆکەی جەنگی و، بە گازی خەردەل و، سارین ی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی خەڵکی سڤیل و ئاشتیخوازی بالیسان و شێخ وەسانی کیمیاباران کرد، کە بووە هۆی شەهید بونی زیاتر لە (٢٥٦) هاووڵاتی بێتاوانی ئەم گوندە و زامداربوونی سەدان هاووڵاتی بێتاوانی خۆشناوەتی.

ڕژێمی بەعس بەم تاوانە دڕندانەیە گەورەترین تاوانی مرۆڤایەتی تۆمارکرد و بۆ یەکەمین جار چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی لەم سنوورە بەکارهێنا و دواتر لە ناوچەکانی تری کوردستانیشی بەکار هێنا و هەزاران کوردی بێتاوانی شەهید و بریندار کرد.

کە بەو هۆیەوە تا ئێستاش بەشێک لە بریندارانی ئەم کیمیابارانە بە ئازاری برینەکانیانەوە دەناڵێنن و،  کاریگەری ئەم کیمیابارانکردنە بەسەر ژیان و سروشتی خەڵک و خاکی ئەم سنورەوە ماوە و، برینێکی ساڕێژ نەبوویە لە جەستەی نیشتیمان دا.

- لەو یادە کارەسات ئامێز و ماتەمینیە دا:

پێمان وایە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵە قەرەبوی ماددی و مەعنەوی خەڵکی سڤیل و، غەدرلێکراوی خۆشناوەتی و بالیسا ن و شێخ وەسان بکاتەوە.

- لەو یادەدا بەڵێن بە جەماوەری بەشمەینەت و مەزڵومی ئەم سنوورە دەدەین هەرچی لە توانامان دابێت بۆ خزمەتکردنیان و گەیاندنی ئێش و ئازار و موعانات و داواکاریەکانیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان درێخی نەکەین.

- سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی بالیسان و، شێخ وەسان و، گوندەکانی دەورو بەری.

- ⁠سڵاو لە خۆڕاگری و، کورد پەروەری و، مەردایەتی دۆڵی خۆشناوەتی و بالیسان و شێخ وەسان.

 

                      لقی٢٤ی سەفین

              پارتی دیموکراتی کوردستان