کەرکووک-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بایکۆتی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی راگەیاند و جەختی کردەوە کە ئامادە نین ببنە بەشێک لە هیچ ڕێککەوتنێک کە لە دەرەوەی ئیرادەی راستەقینەی خەڵکی کەرکووک و لە "ژوورە تاریکەکاندا" ئەنجام درابێت.
دەقی بەیاننامەیەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە:
جەماوەری خۆشەویست و تێکۆشەری شاری کەرکووک، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و نیشتمانپەروەران، ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایدەگەیەنین کە بەشداری کۆبوونەوەی سبەی (١٦ی نیسان)ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین و بایکۆتی دەکەین. ئەم بڕیارەمان تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو درێژەی هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پێشوومانە، لەوانە بایکۆتی کۆبوونەوەی هۆتێل ڕەشید؛ چونکە بڕوامان وایە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کەرکووک لە ژوورە تاریکەکان و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئیرادەی ڕاستەقینەی نوێنەرانی شارەکە و دەنگی ئێوەی دڵسۆز، زیان بە پێکەوەژیان و دەسکەوتە نەتەوەییەکان دەگەیەنێت.
ئەم بایکۆتە نیشانەی دووربینیی سیاسیەتی حەکیمانەی پارتیمانە و پابەندبوونمانە بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، ئێمە ئامادە نین ببینە بەشێک لە پڕۆسەیەک کە تێیدا نوێنەرانی شەرعی پەراوێز بخرێن و بڕیارەکان لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵک بسەپێندرێن. پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە ئامادەیە باجی کوردایەتی بدات و سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکان نەکات، وەرگرتنی پۆستیش بەلاوە گرنگ نییە ئەگەر باجەکەی پاشکۆیەتی و بێدەنگبوون بێت.
ئێمە وەک چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێکهاتەکان دەمێنینەوە و تەنها پشتگیری لە تەباییەکی وا دەکەین کە مافی هەمووان بە دادپەروەری بپارێزێت و کەرامەتی هاوڵاتیانی کەرکووک لە سەروو هەموو شتێکەوە دابنێت.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک
١٥ی نیسانی ٢٠٢٦