Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP.info: بەمە ڕازی نین و هیچ کۆنووسێکمان ئیمزا نەکردووە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایدەگەیەنێت، بەغدا تەنها ٢٩٢ هەزار تۆن گەنمی بۆ ئەمساڵی هەرێم دیاری کردووە، کە ئەمەش فێڵکردنە لە مافی جووتیاران و بەغدا بەو کارەی دژایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.

دکتۆرە زێدە محەمەد، بەڕێوەبەری پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''عێراق بۆ ئەمساڵ سەرباری بارانی زۆر، تەنها ٢٩٢ هەزار تۆن گەنمی بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، لە کاتێکدا پارساڵ کە وشکەساڵی بوو ٤٠٠ هەزار تۆن وەرگیرا، بۆیە ئێمە بەمە ڕازی نین و هیچ کۆنووسێکمان ئیمزا نەکردووە.

دکتۆرە زێدە ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەغدا ساڵانە بە مەبەستی فێڵکردن بڕێکی کەم بۆ هەرێم دیاری دەکات بەڵام بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بڕەکە دەکاتە "فری" (کراوە)، گوتیشی، ''پارساڵ باسیان لەوە کرد کە سێ ملیۆن  و ٦٠٠ هەزار تۆن وەردەگرن، بەڵام لە کۆتاییدا ٥ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تۆنیان وەرگرت، دیارە دەیانەوێت تەنها بڕیارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن.

بەڕێوەبەری پلاندانان جەختی کردەوە، کە دوای ئەوەی لە ساڵانی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤ شەڕێکی باشمان بۆ مافی جووتیاران کرد، لەساڵی ٢٠٢٣ بڕی ٥٠٠هەزار تۆن وەرگیرا و لەساڵی ٢٠٢٤بڕی ٧٠٠ هەزار تۆن تۆن وەرگیرا و پارساڵیش بەهۆی وشکەساڵی ٤٠٠هەزار تۆن وەرگیرا، ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی ئابوورین بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست بەرامبەر ئەم بڕیارەی بەغدا.

 

بڵند ئیبراهیم