Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان (چارشەمبا سۆر)، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆک بارزانی بۆ خواست و مافە ڕەواکانی پێکهاتەی ئێزدی دەکاتەوە.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی نوێی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی، گەرمترین پیرۆزبایی لە میری ئێزدیان و کەسایەتیی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕوحانی ئایینی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیهان دەکەین، هیوادارین ئەو جەژنە بە خۆشیی و ئارامی بەسەربەرن و هەموو ساڵێک هەر بە خێر و خۆشی بگەڕێتەوە.

لەو دەرفەتەدا جەخت لەسەر پشتیوانیی بەردەوامی خۆمان بۆ پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی کوردستان دەکەینەوە، هەروەها بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو لایەنێک دەزانین داکۆکی لە سەقامگیریی و بەهێزترکردنی قەوارە سیاسییەکەمان بکەین و بیپارێزین کە نموونەی باڵای پێکەوەژیان و فرەییە لە ناوچەکەدا.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە پاڵپشتیی خۆمان و سەرۆک بارزانی بۆ خواست و ویستی ڕەوای خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دووپات دەکەینەوە وەکو پێکهاتەیەکی ڕەسەن و گرنگی کوردستان و، چارەسەرکردنی کێشەکان و فەراهەمکردنی زەمینەی ژیانێکی ئارام و شکومەندانە لە دەڤەرەکانی خۆیان و دابینکردنی سەرجەم مافەکانیان بە ئەرکی لە پێشینەمان دەزانین.

جارێکی دیکە چارشەمبا سۆر پیرۆز بێت و هەموولایەک لە ئارامی و شادیدا بن.

       

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٥ـی نیسانی ٢٠٢٦