Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەروازەی کێلێ کرایەوە

دەروازەی کێلێ-KDP. info-  ئەمڕۆ  دەروازەی سنووری کێلێ لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، دوای چل و پێنج رۆژ لە داخستن، جارێکی دیکە کرایەوە.

ئەمڕۆ لە دەروازەکە بە فەرمیی راگەیاندرا کە هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووری کێلێ ئاسایی بووەوە، کە دواین دەروازەی سنووری هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ ئێران هاتوچۆی تێدا دەستپێبکاتەوە. پێشتر دەروازەکانی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، هەروەها دەروازەکانی باشماخ، پشتە، سەیرانبەن و شوشمێ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە هاتوچۆیان تێدا ئاسایی کرابووەوە، بەڵام بڕیاری کردنەوەی کێلێ بەهۆی گرفت لە سیستەمی ئەلیکترۆنی و هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەنی ئێرانەوە بۆ چەند رۆژێک دواکەوت.

قەبارەی بازرگانی ساڵانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لە دەروازەی کێلێ، لە نێوان 100 بۆ 150 ملیۆن دۆلاردایە. رۆژانە نزیکەی 150 بۆ 200 بارهەڵگر کەلوپەل وشمەک، بەتایبەت سەوزە، میوە و کەرستەی بیناسازی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و کۆماری ئیسلامی ئێران، تاوەکو دەروازەی کێلێ لە نیمچە فەرمییەوە بۆ دەروازەیەکی نێودەوڵەتی و فەرمی بگۆڕێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئامادەکارییەکی کردووە.