Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن ستایشی کارەکانی دامەزراوەی (کەریمی عەلەکە) دەکات

سلێمانی-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕینی پارتی ڕایدەگەیەنێت، پاراستنی فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەیی کارێکی پیرۆزە و پارتی هەمیشە پشتیوانی ئەو ناوەندە ئەدەبی و فەرهەنگییانە دەکات کە خزمەت بە ناسنامەی کوردی دەکەن.

لە چوارچێوەی سەردانە بەردەوامەکانیدا، عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، بە یاوەریی ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و شاندێک، سەردانی دامەزراوەی کلتووریی کەریمی عەلەکەی لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن د. تەها ڕەسووڵ، سەرۆکی دامەزراوەکە و ستافی کارگێڕییەوە پێشوازییان لێ کرا.

لە وتەیەکدا، عەلی حوسێن بە بایەخەوە لە ڕۆڵی دامەزراوەکەی ڕوانی و گوتی، ''کەریمی عەلەکە ناوێکی دیار و خاوەن مێژوویەکی پڕ لە مرۆڤدۆستییە لە کوردستان. جێی دەستخۆشییە کە ئەم دامەزراوە گرنگە بە ناوی ئەو کەسایەتییە مەسیحییە نیشتمانپەروەرەوە کراوە. ئەو کارانەی لێرە لە بواری فەرهەنگ و ئەدەب ئەنجام دەدرێن، کارێکی پیرۆزن و وەک مێژوو بۆ شاری سلێمانی و کوردستان دەمێننەوە.

ڕاشیگەیاند، ''ئەم جۆرە ناوەندانە ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی ڕەسەنایەتی و دروستکردنی ڕای گشتی، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکار و پشتیوانی هەموو ئەو ڕێکخراو و دەزگایانەیە کە کار بۆ زیندووکردنەوەی کەلەپوور و فەرهەنگی نەتەوەیی دەکەن.

لای خۆیانەوە، بەڕێوەبەر و کارمەندانی دامەزراوەکە بە وردی باسیان لە پڕۆژەکانیان کرد کە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی کلتووری کوردی و دروستکردنی ڕایەڵەی پەیوەندییە لەنێوان پارچەکانی کوردستاندا.