هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ٣٨ـەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفالدا ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و قەرەبووی شایانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکاتەوە.
دەقی پەیامی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال
شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام درا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان.
ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژییانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە.
لەم یادەدا، جەخت دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە.
لە سی و هەشتەمین ساڵیادی ئەنفالدا، سڵاو لە گیانی پاکی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
مەسروور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
١٤ـی نیسانی ٢٠٢٦